دەقی هەواڵ
سلێمانی – Slemani daily
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی نرخی کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانی لە قەزا و ناحیەکان و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ مانگی ئازار ڕاگەیاند، هاوکات دیاریکردنی نرخی ئەمپێری ناو شاری سلێمانی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بە فەرمی نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی ئازار ڕاگەیاند و بەپێی نرخەکانیش بڕی تێچووی هەر کاتژمێرێک کارکردنی مۆلیدە بۆ یەک ئەمپێر بە 49 دینار دیاری کرا. ئەم نرخە تایبەتە بەو شارۆچکە و شارەدێیانەی کە هێشتا پڕۆژەی کارەبای بەردەوامی (ڕووناکی) نەیگرتوونەتەوە و مۆلیدەکانیان بەگوێرەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا کاردەکەن.
سەبارەت بە دۆخی ناوشاری سلێمانی، لایەنی پەیوەندیدار ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕیارە مۆلیدەکانی ناوشار ناگرێتەوە، بەڵکو بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو دوای کۆکردنەوە و وردبینیکردنی کۆی کاتژمێرەکانی کارکردنیان، نرخی کۆتایی هەر ئەمپێرێک بۆ دانیشتووانی ناو شار دیاری بکرێت و ڕابگەیەنرێت.
هاوکات لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا نرخی کارەبای پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کە بە “ستییەکان” ناسراون دەستنیشان کراوە، بە جۆرێک نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا بۆ ئەو ستییانەی کارەبای نیشتمانییان هەیە بە 312 دینار دیاری کرا، بەڵام بۆ ئەو پڕۆژانەی کە تەنها پشت بە کارەبای مۆلیدە دەبەستن و کارەبای نیشتمانییان نییە، نرخەکە کەمتر کراوەتەوە و هەر کیلۆواتێک بە 296 دینار هەژمار دەکرێت.

