دەزگای ئاسایش وردەکاری هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی سەر سلێمانی ئاشکرا دەکات

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وردەکاری ئەو زنجیرە هێرشە درۆنی و موشەکییانەی ئاشکرا کرد کە شەوی ڕابردوو چەند ناوچەیەکی جیاوازی شاری سلێمانییان کردە ئامانج.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگای ئاسایش، شەوی ڕابردوو بە گشتی شەش جار هێرش ئەنجامدراوە کە تێیدا سێ درۆن و دوو موشەک بەکارهێنراون، بەشێوەیەک کە یەکێک لە هێرشەکان بۆ سەر ناوچەی گردی ڕیعایە بووە و پێنج هێرشەکەی دیکەشیان ڕاستەوخۆ فەرماندەیی و بارەگای هێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگەیان پێکاوە. 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو هێرشانە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە لە ناو سنووری فەرماندەیی، لە ئێستاشدا دەزگا ئەمنییەکان لە لێکۆڵینەوەی چڕدان بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی هێرشەکان و زانینی قەبارەی تەواوی ئەو زیانانەی بەر ناوچەکە کەوتوون.

ئەم زنجیرە هێرشە لە کاتێکدایە کە لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین جار فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و موشەکەکان بنکە و بارەگا جیاوازەکانی سنووری پارێزگای سلێمانییان کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەراوکێ لای هاوڵاتییان و چەندین جار حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان داوای پاراستنی سەروەری خاکی هەرێمیان لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان