سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری سۆران و ڕایگەیاند، ئەم کردەوەیە “دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی ڕاستەوخۆیە” بۆ سەر سەروەریی خاک و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشە بالیستییەکەی ئێرانەوە، 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30ـی دیکەش بریندار بوون، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری شەهیدان، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی بووە و پابەندە بە سیاسەتی دوورکەوتنەوە لە ململانێکان، هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەرێم بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.
نێچیرڤان بارزانی داوای لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم هێرشە بە تەواوی پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جار نا جارێک دەبنە ئامانجی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش کاردانەوەی توندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە و حکومەتی هەرێمیش بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت خاکی هەرێم بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێیە سیاسییەکان بەکاربهێنرێت.

