هێرشێکی موشەکی و درۆنی کرایە سەر سنووری سۆران؛ 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 22ی دیکە بریندارن

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە هێرشێکی چڕ و هاوکاتدا بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە و چەند شوێنێکی گەشتیاری لە سنووری قەزای سۆران و ناحیەی خەلیفان کرانە ئامانج، بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون و دوو درۆنیش تێکشکێندران.

بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە شەش موشەک هێرشکرایە سەر بارەگای فیرقەی حەوتی هێزەکانی هەشتا لە ناوچەی سپیلک لە سنووری ناحیەی خەلیفان. سەرچاوە پزیشکییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە بەهۆی هێرشەکەوە 6 پێشمەرگە شەهید بوون و زیاتر لە 22پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون، کە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سۆران و خەلیفان کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەری بەپەلە.

هاوکات لەگەڵ هێرشە موشەکییەکەدا، چیای گەشتیاریی کۆڕەکیش کراوەتە ئامانج. لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنییەکان لە ئاسمانی هەردوو ناوچەی سۆران و ڕواندز توانیویانە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ببینن و پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان بیانتەقێننەوە.

ناوچەی سۆران و خەلیفان بەهۆی پێگەی ستراتیژییان لە ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی لەم شێوەیە بوونەتەوە، بەڵام ئەم هێرشەی ئەمڕۆ بە یەکێک لە توندترین هێرشەکان دادەنرێت کە زیانی گیانی لێ کەوتووەتەوە. تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی بە تەواوی سەرچاوەی هێرشەکانی ڕانەگەیاندووە و لێکۆڵینەوەکان لە شوێنی ڕووداوەکان بەردەوامن.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان