ڕێبەر ڕۆستەم، شارەزای فەلەکناسی، لە نوێترین پێشبینیدا تیشک دەخاتە سەر ئاییندەی گرژییەکانی ناوچەکە و ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی سیفاتە فەلەکییەکانی دۆناڵد ترەمپەوە، جەنگەکە بەرەو کۆتایی دەچێت و وادەی ئاساییبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیش دەستنیشان دەکات.
ڕێبەر ڕۆستەم، شارەزای فەلەکی، لە لێدوانێکدا دەربارەی ئاڵۆزییەکانی نێوان (ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل) ئاماژەی بەوە کرد کە کەسایەتی سەرۆکی ئەمریکا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە گۆڕانکارییەکاندا. ناوبراو ڕایگەیاند: “دۆناڵد ترەمپ لە بورجی ‘دووانە’یە و کەسایەتییەکەی بەوە ناسراوە کە پاش ماوەیەکی کەم لە بڕیارەکانی پەشیمان دەبێتەوە، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت لە هەڵوێستە توندەکانی پاشەکشە بکات.”
دەربارەی کاتی کۆتایهاتنی ململانێ سەربازییەکان، ئەو شارەزایە وتی: “لە دەوروبەری 20ی 3ی 2026، چەند گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لە جەنگەکەدا دێتە ئاراوە و ڕەنگە لەو بەروارەدا بەتەواوی کۆتایی پێبێت.”
لەلایەکی دیکەوە، سەبارەت بە کەرتی فڕۆکەوانی، ڕێبەر ڕۆستەم ئاشکرای کرد کە دوای ئەو بەروارە (20ی ئاداری 2026 گەشتە ئاسمانییەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و ناوچەکە قۆناغ بە قۆناغ دەستپێدەکەنەوە، ئاماژەی بەوەشدا کە تەنها ئەو وڵاتانە لەم پڕۆسەیە دوادەکەون کە فڕۆکەخانەکانیان بەهۆی پێکدادانەکانەوە زیانی زۆریان پێگەیشتووە و پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە.

