بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا لەگەڵ “فۆکەس نیووز”، چەند پەیامێکی گرنگ و هەستیاری سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچەکە، پەیوەندییەکانی ئێران و ڕۆڵی کورد ڕاگەیاند و هۆشداری دا کە ناوچەکە بەرەو گرژی زیاتر هەنگاو دەنێت.
تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە پێکدادانەکان بە شێوەیەکی کتوپڕ دەستیان پێکردووە و وتی: “هیچ نیشانەیەکی ئارامبوونەوە نابینم، ئەوەی دەیبینم تەنها زیادکردنی گرژییەکانە.” ناوبراو جەختیشی کردەوە کە کوردستان نابێت ببێتە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێکان، چونکە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشی خۆیان ناڕەحەتی و مەینەتییان چەشتووە.
سەبارەت بە دۆخی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی گۆڕینی ڕژێم لە ئێران لە ئێستادا وەک کارتێکی واقیعی نابینرێت و پێیوایە ئێران بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە نادات، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئاستی پێشهاتەکاندا زۆر نائومێد بووە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێرانییەکان خواستیان هەبووە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن بۆ چارەسەری کێشەکان، هاوکات ڕێزی خۆشی بۆ کوردانی ئێران دەربڕی و بە پێکهاتەیەکی شایەنی ڕێز وەسفی کردن.
سەرۆکی یەکێتی جیاوازییەکی ڕوون دەبینێت لە نێوان دۆخی ئێستا و ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق و دەڵێت: “هەلومەرجەکان بۆ گۆڕینی ڕژێم بە بەراورد بە ساڵی 2003 جیاوازن.” ئەو کات کورد و شیعە هاوڕا بوون و ئۆپراسیۆنەکە شەرعیەتی هەبوو، بەڵام ئێستا هاوکێشەکان گۆڕاون.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بافڵ تاڵەبانی باسی لە دیداری خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد و وتی: “سەرۆک ترەمپ زۆر بەڕێز و نەرمونیان بوو.” هەروەها داوای لە هاوپەیمانەکان کرد کە کار بۆ هێنانی خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکە بکەن. لە کۆتاییدا هۆشداری دا کە هەر تێپەڕبوونی کورد بەسەر سنوورەکاندا دەرهاوێشتەی توندی دەبێت، نەک تەنها لەسەر ئاستی ئێران، بەڵکو لەسەر ئاستی تورکیاش.

