ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕێنمایییەکی نوێی بۆ سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان دەرکرد، کە تێیدا بڕیاردرا بە کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی دەوامی فەرمی بە درێژایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی شوباتی 2026، نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئەمینداریەتی گشتی بڵاویکردەوە، کە بەهۆی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە دەوامی فەرمی لە سەرجەم وەزارەتەکان، دامەزراوەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و پارێزگاکان بۆ 1 کاتژمێر کەم دەکرێتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم بڕیارە بە مەبەستی سووککردنی ئەرکی سەر شانی فەرمانبەرانە لە کاتی ڕۆژوودا و ئاسانکاری بۆ ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتیان لەو مانگەدا.
حکومەتی عێراق ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزان، گۆڕانکاری لە کاتەکانی دەوامی فەرمانبەران دەکات و ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، بڕیارەکە هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە.

