ئەمڕۆ لە قەزای خورماتوو، بەهۆی شۆتی کارەباوە دوو کارمەندی فەرمانگەی کارەبا لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا گیانیان لەدەستدا.
عەلى فەلاح، بەڕێوەبەرى بەشى فریاکەوتنى نەخۆشخانەى خورماتوو دەربارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاند: تیمێکی چاککردنەوەی سەر بە فەرمانگەی کارەبای خورماتوو بە مەبەستی چاککردنی محاویلەیەک چوونەتە گەڕەکی کۆماری، لەو کاتەی کارمەندێک بە ئۆتۆمبێلی بەرزکەرەوە (کرێن) چووەتە سەر ستوونەکە بۆ چاککردنەوەی گرفتەکە، ڕووداوەکە ڕوویداوە.
بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتن ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەهۆی بارانبارینەوە، لە کاتی بەریەککەوتنی بەرزکەرەوەکە و ستوونەکە شۆتی کارەبا دروستبووە. بەو هۆیەوە کارمەندی سەر ستوونەکە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە.

