دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سنووری سلێمانی حەوت تیرۆریستی داواکراوی دەستگیرکرد کە بە مەبەستی خۆحەشاردان هاتبوونە ناوچەکە و لە ئێستادا بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری وردی هەواڵگری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ سەرکەوتووبوون لە ئەنجامدانی چەند ئۆپراسیۆنێکی تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: کە لە میانی چالاکییەکانی مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2026 توانراوە حەوت تیرۆریستی داواکراو لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە دەستگیربکرێن کە بە مەبەستی خۆحەشاردان ڕوویان لە ناوچەکە کردبوو تاوەکو لە چاوی هێزە ئەمنییەکان دووربن.
ئاسایشی هەرێم جەختی کردووەتەوە کە لە ئێستادا سەرجەم دەستگیرکراوەکان بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر ڕاگیراون و ڕێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و لێکۆڵینەوەی ورد لە دۆسییەکانیان بەردەوامە بە مەبەستی ئاشکراکردنی هەموو ڕاستییەکان.

