دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی بکەرانی سەرەکی هێرشکردنە سەر نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی ڕاگەیاند.
کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی توانیویانە لە ماوەی کەمتر لە 20 کاتژمێردا، بکەرانی سەرەکی ئەو تاوانە دەستنیشان بکەن و دەستگیریان بکەن.
لە ئەنجامی بەدواداچوونە وردەکانی هێزەکانی ئاسایش بۆ پاراستنی سەقامگیری، توانراوە دەست بەسەر تەواوی ئەو بڕە پارە دزراوەدا بگیرێت کە لە نووسینگەکە برابوو.
لە ئێستادا تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵیاندا بەردەوامە، تاوەکو ڕێکارە یاسایییەکان تەواو دەکرێن.

