بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمساڵ لە ئێران 1503 کەس لەسێدارە دراون و زۆربەیان کوردن.
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری ئەمساڵی لەسێدارە دراوانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمساڵ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کۆماری ئیسلامی ئێران 1503 کەسی لەسێدارە داوە و بەشی زۆریانکە لە سێدارەدراوان کوردن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە 1159 کەسیان کوردن، 344 لەسێدارەدراویش تورک و بەلوج و ئەفغانین، هەروەها لەنێو لەسێدارە دراوەکانیش 45 کەسیان ژنن.
بەگوێرەی زانیاریەکان، چالاکوانەکان لەژێر ئەشکەنجەدان و فشارێکی دەروونیدا ناچار دەکرێن “دانپێدانان” بەو تاوانانەدا بنێن کە نەیانکردووە،دادگاکان ئەم دانپێدانانە دەکەنە بەڵگەی سەرەکی سزادان.
سزای زۆربەی لەسێدارەدراوان بەهۆی تاوانی سیاسی و چالاکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکیشیان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە بووە، بەشێکی تریان لەسەر بنەمای تۆمەتی ناڕوون و گشتی وەک “موحاربە” (شەڕ لەگەڵ خودا) و “ئەفساد فی ئەرز” (تێکدان لەسەر زەوی) دەدرێن، کە دەتوانرێت بۆ چالاکی ئاسایی سیاسی و مەدەنی بەکار بهێنرێت.

