ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت

هاتووچۆی سلێمانی بە پاڵپشتی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ، ڕێكاری توند لە دژی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەگرێتەبەر و دەستیان بەسەردا دەگرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 25ی تشرینی دووەمی 2025، نەوشیروان حەمەئەمین ئەفسەر لە هاتووچۆی ناوشاری سلێمانی ڕایگەیاند،’’لە وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمەوە، بەبڕیار بۆمان هاتووە كە دەست بگرین بەسەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكاندا.’’

 نەوشیروان حەمەئەمین ئاماژەی بەوەش كرد، بەهۆی هەندێك بارودۆخەوە نەمانویستووە ئەو رێوشوێنانە بگرینەبەر، بەڵام حاڵەتی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان هەر لە ڕووداوەكان ‌و ئەنجامەكانی ‌و ئەو دۆخەش كە بینراوە، وەك بەڵگەش لای ئێمە هەیە لە هاتووچۆی سلێمانیی، وایكردووە بیر لەوە بكەینەوە و بگەینە ئەو بڕیارەی، دەبێت رێوشوێنی توندیان لە دژ بگرینەبەر و دەستیان بەسەردا بگرین، بەتایبەت ئەوانەی گوێ بەیاسا نادەن ‌و بەردەوام یاساشكێنی دەكەن.

نەوشیروان حەمەئەمین لە بارەی گلەی و گازاندەی هاووڵاتیان گوتی،’’ هاووڵاتییان با دڵنیابن رێوشوێن گیراوەتەبەر و ئۆتۆمبێل هەیە لەو بێسەرەتایانە، بڕی دوو ملیۆن دینار غەرامەی كامێرا و یاساشكێنی داوە، هیچ ئۆتۆمبێلێكی بێسەرەتا لە رێوشوێنەكان دەربازی نابێت.’’

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان