وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان فۆڕمی بەشەخۆراکی مانگانەی کاراکردەوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ڕابردوو نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وتی، “بڕیارە لە ئەمڕۆ دووشەممەوە تاوەکو 20-11-2025 ئەپڵیکەیشنەکە کارا بکرێتەوە تەنیا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ڕابردوو نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن، ئەمە درێژکراوەی قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە دەبێت.”
%13ی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان خۆیان لە پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمار نەکردووە، بەهۆیەوە بەشەخۆراک و بەشەئاردی مانگانەیان بڕاوە، بڕیارە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ ئەپڵیکەیشنەکە کارا بکرێتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی ئەو قۆناغە دەستدەکرێت بە قۆناغی دووەم و هاووڵاتییان دەتوانن بەشێکی دیکەی زانیارییەکان لە پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمار بکەن.
لە قۆناغی دووەمدا چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە بەردەست دەبن لەوانە، خزمەتگوزاریی مامەڵەی هاونیشتمانیان لە تۆماركردنی ناوی منداڵ، گواستنەوەی پسوولە لە بریكارێک بۆ بریكارێکی دیکە، یان لە شارێك بۆ شارێکی دیکە، هەروەها تۆماركردنی ئەو كەسانەی كە هاوسەرگیریان كردووە و پسوولەی خۆراكیان نییە.

