ئێران سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەر مامۆستایەکی زمانی کوردی سەپاند

کۆماری ئیسلامی ئێران مامۆستایەکی زمانی کوردی بەیەک ساڵ زیندانیکردن و 40 قامچی سزادا

ئیدریس مینبەری ، چالاکی مەدەنی، مامۆستای زمانی کوردی و یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی ”نۆژین”، سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

ئیدریس مینبەری لەلایەن لقی 106ی دادگای کەیفەری دووی سنە بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە یەک ساڵ زیندانی لەگەڵ دوورخستنەوە و 40 قامچی سزا درا و ئەمە لەکاتێک ناوبراو لە دۆسیەیەکی تردا سزای 10 ساڵ زیندانیشی بەسەردا سەپێنرا.

بەپێی هەندێک سەرچاوە کە دەست سلێمانی دەیلی کەوتووە، لە ڕێکەوتی 17ی تشرینی دووەمی 2025 بۆ جێبەجێکردنی حوکمی یەک ساڵ زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندی سنە کراوە.

 ئەنجومەنی نۆژین یەکێکە لەو ڕێکخراوە فەرهەنگییە خۆبەخشانەی کە هەوڵی فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵان و گەورەکان دەدات.

دەستگیرکردنی مامۆستایان و چالاکوانە کوردەکان لە ئێران سیاسەتێکی درێژخایەن و سیستەماتیکە کە بەشێکە لە ستراتیژی کۆنتڕۆڵی ناوچە کوردییەکان، دەسەڵاتی ئێران بە گشتی چالاکییە فەرهەنگی و مەدەنییە سەربەخۆکان، وەک فێرکردنی زمانی کوردی، بڵاوکردنەوەی کتێب، یان چالاکی ژینگەپارێزی، بە “هەڕەشە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی” دەبینێت و هەوڵ دەدات بیانسڕێتەوە یان کۆنتڕۆڵیان بکات.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان