دوو تەنکەر پاشماوە و پیسیی ڕژێنراوەتە ناو دەریاچەی دووکان

ڕێکخراوە ژینگەیەکان مەترسی پیسبوونی ئاوی دەریاچەی دووکانیان لە سنووری سلێمانی بڵاوکردەوە

سیروان سەرحەد، قائیمقامی قەزای دوکان ڕایگەیاند،’’ دوای ئاگاداربوونەوەیان لە ڕووداوێکی ژینگەیی مەترسیدار، بەدواداچوونی بەپەلەیان کردووە و رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە پیسبوونی ئاوی زێی دوکان’’.

سیروان سەرحەد ڕاشیگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە لەوەی لە نزیک گوندی قامیشە لە سنووری ناحیەی خەلەکان، چەند تانکەرێک ڕۆنی رەشیان ڕشتووەتە ناو یەکێک لە چەمەکانی سنوورەکە و راستەوخۆ “ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ناحیە و ژمارەیەک لە بەرپرسی فەرمانگەکان، سەردانی شوێنی ڕووداوەکەمان کرد”.

هەروەها هۆشداریدا لەوەی “ئەم کارە ژینگەییە جگە لە پیسکردنی ژینگە، مەترسییەکی گەورەشە بۆ سەر سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە، چونکە لەکاتی دروستبوونی لافاودا، ئاوی چەمەکە دەڕژێتە زێی دوکانەوە و بەمەش سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای سلێمانی پیس دەبێت.”

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە دەربارەی مەترسی پیسبوونی ئاوی دەریاچەی دووکان لە سنووری سلێمانی ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، دوو کارەساتی پیسکردنی ژینگە لە سنووری شارۆچكەی دووکان، لە دۆڵی خەلەکان لەئاستی گوندی (قەڵات و قامیشە) ڕوویداوە، دەشڵێن، داواکارین ئەنجامدەرانی تاوانەکە بە یاسای ژینگە دادگایی بکرێن و قەرەبووی شێواندنی ژینگەی سنوورەکە بخرێتە ئەستۆیان.

سیروان سەرحەد ئامژەی بەوەکرد، “هەر لەسەرەتای ڕووداوەکەوە پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش راسپێردراون بەدواداچوونی جددی بکەن بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە و چەند وێنەیەکیان وەک سەرەداو دەست کەوتووە.”

ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای وەرگرتنی ڕای شارەزایانی ژینگە، بڕیاردراوە لەلایەن تیمێکی تایبەتەوە پاشماوەکە بە خۆڵ دابپۆشرێت و دوای هەڵمژینی، پاکبکرێتەوە و بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی گونجاو. هەروەها بڕیاردراوە “لەکۆتایی شوێنی ڕژانی پاشماوەکە بەربەست دروست بکرێت تا بەتەواوی رێگری لە تێکەڵبوونی بە ئاوی زێی دوکان بکرێت و چاودێریی وردی پڕۆسەی پاککردنەوەکە دەکەن تا بە تەواوی کۆتایی دێت.”

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان