گشتی

 حکومەت داوا لە خەڵک دەکات ڤاکسین وەربگرن

وەزارەتی تەندروستی عێراق، ڕایگەیاند، هەڵمەتی كوتانی هاوڵاتیيان بە ڤاکسینی پەتای وەرزی لە هەموو ناوەندەكانی تەندروستی و ژمارەیەك لە نەخۆشخانەكانی بەغدا و پارێزگاكانی دیكە، دەستیپێكردووە.

ئەمڕۆ سێشەمە 7ی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی تەندروستیی عێڕاق، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیرى تەندروستی عێڕاق، ئەم هەڵمەتە دەستیپێكردووە بۆ پاراستنی هاوڵاتیيان لە نەخۆشییەكانی هەناسە و ڕێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوون بە نەخۆشی پەتای وەرزی و پەرەسەندنی.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە کراوە، فەرمانگە تەندروستییەكان لە هەموو پارێزگاكانی عێراق دەستیانكردووە بە پڕۆگرامی خۆپارێزی تایبەت بە پێدانی كوتانەكە، لە ڕێگەی ناوەندە تەندروستییەكان و ژمارەیەك لە نەخۆشخانە حكومییەكان.

دەرزییەكە بەخۆڕایی لەبەردەستە و بۆ هەموو هاوڵاتییانە، بەتایبەتی ئەو كەسانەی زیاتر تووشی هەڵامەت دەبن. 

وەزارەتی تەندروستی عێڕاق، بە گرنگی دەزانێت هەمووان ئەم ڤاکسینە بكەن، كە ڕۆڵێكی زۆری هەیە لە كەمكردنەوەی توشبوون بە ئەنفلۆنزا و مەترسییەكانی،داوای لە هاوڵاتیانییش كرد سەردانی نزیكترین ناوەندی تەندروستی بكەن و كوتانەكە وەرگرن و دووپاتیشیكردەوە، كە دەرزییەكە سەلامەتە و لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جيهانییەوە باوەڕپێكراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *