سەنتەری میتڕۆ لەبارەی لێدوان و هەڕەشەکانی ئەمڕۆی وتەبێژی حکومەت هاتە دەنگ و ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
ئەمرۆ چوارشەمە 24ی ئەیلولی 2025 سەنتەری میتڕۆ ڕایگەیاند:”لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەناڵی ڕووداو و كەناڵ8، دەرخەری هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادی ڕۆژنامەگەری زانیاری و بازدان بەسەر یاسا رۆژنامەگەری و ئاكارەكانی میواندری میدیاكاران.”
ئەمڕۆ لە كۆنگرەی رۆنامەگەری وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتی پرسیارێكی پەیامنێری كەناڵ8 دا لەبارەی هۆكاری ئامادەنەبوونی پەیامنێری كەناڵی ڕووداو وتی” كاتێك ئامادە دەبن كە هەست بكەم ئیلتزاماتی پیشەییانە هەیە، لەوانەیە ڕۆژێك ڕووبدات تۆش لەناو كۆنگرەكانی ئێمەدا نەبیت”.
سەنتەری میتڕۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، وەڵامەكەی وتەبێژی حكومەت، هەڕەشەیە بۆ هەموو ئەو كەناڵانەی تر گەر بەپێی پێوەرە پیشەییەكانی ووتەبێژ ڕووماڵی هەواڵەكانی حكومەت نەكەن لە پێشەوایاندا كەناڵ8، هەروەك جەختكردنەوەیشە لەسەر بێ نرخكردنی یاسای رۆژنامەگەری كە ڕێگەی داوە رۆژنامەنووس لە كۆنگرەو چالاكییە گشتییەكاندا ئامادە بێت.
هەرورها سەنتەرەکە گوتی: كاری وتەبێژ نییە لە كۆنگرەكانیدا پۆستەكەی بۆ هەڕشەو جیاكاری بەكاربهێنێت ئەو رۆڵی كارئاسانیە بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان بە شێوەیەكی شەفاف و دوور لە جیاكاری و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای رق و وجیاوازی بیروڕا.
بە پێی زانیارییەكانی میترۆ، كەناڵی ڕووداو بانگهێشتی ئەو كۆنگرەیە كراوە، كە گەیشتونەتە شوینی كۆنگرەكە پێیان وتراوە مایكەكەیان دانەنێن.ئەم ڕەفتارە نەك بازدانە بەسەر یاسای رۆژنامەگەری، بەڵكو پێچەوانەی ئەتەكێتی میوانداری میدیاكارانە، ئەو پرسیارەیش دەوروژێنێت كە ڕووداو بەپێی پێوەری پیشەیی ووتەبێژی حكومەت ڕووماڵ ناكات، بۆ بانگهێشتیان دەكەن؟ كە بانگهێشتیان دەكەن بۆ ناهێڵن مایكەكەی بخاتە بەردەمتان؟