هاوردەکردنی 44 بەرهەمی کشتوکاڵی قەدەغەکرا؛ بڕیارەکە بۆ پاڵپشتی جوتیارانە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: هاوردەکردنی 44 بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵیی قەدەغە کرد لەپێناو ساغبوونەوەی بەرهەمی ناوەخۆ.

وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاشكرای دەكات، هاوردەكردنی 44 جۆر بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاژەڵی بۆ ناوخۆی عێراق قەدەغە كراوە وەك پاڵپشتییەك بۆ جوتیاران و ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوەخۆ و دوای گەیشتن بە توانای خۆبژێویدا.

مەهدی سەهەڕ ئەلجبووری، بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕایگەیاند: بڕیاردراوە بە قەدەغەكردنی هاوردەكردن بۆ 44 جۆر بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاژەڵی وەك پاڵپشتییەك بۆ جوتیاران و هەروەها بۆ پارێزگاریكردن لە بەرهەمی ناوخۆ لە بازاڕەكاندا.

ناوبراو دەشڵێت : هەرچەندە چەند ساڵێكە عێراق بەدەست وشكەساڵی و كەمئاوی دەناڵێنێت، بەڵام لەبەرامبەریشدا هەوڵدراوە سوود لە شێوازە نوێیەكانی ئاودێری ببینرێت لە بواری كشتوكاڵدا.


بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە لەگەڵ فەراهمكردنی شێوازە نوێیەكانی ئاودێری، هەروەها پێویستە لە بازاڕ و نرخیشدا پاڵپشتی جوتیاران بكرێت بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمەكانیان، قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئەم جۆرە بەهەمانەش، بەشێكن لە پشتگیرییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ جوتیاران.

هەروەها گوتی: باجی گومرگی بۆ زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دادەنرێت بۆئەوەی بەرهەمی ناوخۆ زیاتر بفرۆشێت و جووتیاران زیانیان پێ نەگات لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەگەری کەمی بەرهەمێکدا هاوردەکردن ڕێگەپێدراوە و ئەمەش لە هەموو وڵاتانی جیهان جێبەجێ دەکرێت.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان