پەنجەمۆری قوتابیان – Slemani Daily
دەقی هەواڵ
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرمانێکی وەزاریدا بەکارهێنانی سیستەمی پەنجەمۆری بۆ تۆمارکردنی ئامادەبوونی قوتابیان لە پەیمانگە ناحکومییەکان کردە مەرج؛ هاوکات هۆشداریی دا کە هەر قوتابییەک زیاتر لە 25 ڕۆژ غەیاب بێت، لە خوێندن دابڕاو دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی ئەیلوولی 2026، بەپێی فەرمانێکی نوێی وەزارەتی پەروەردە، گشت پەیمانگە ناحکومییەکان پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی سیستەمی پەنجەمۆر بۆ تۆمارکردنی ئامادەبوون و نەبوونی قوتابیان لە ڕۆژانی دەوامدا.
لە فەرمانەکەدا سەبارەت بە دەوامی قوتابیان هاتووە: هەر قوتابییەک لە ساڵێکی خوێندندا زیاتر لە 25 ڕۆژ ئامادەبوونی تەواوی نەبێت، بە “دابڕاو لە خوێندن” هەژمار دەکرێت و مافی بەردەوامبوونی لەو ساڵەی خوێندندا نامێنێت. دەرچوونی ئەم فەرمانەی وەزارەتی پەروەردەش دوای ئەوە دێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا ئاماژە بەوە دەکرا لە هەندێک پەیمانگەی ناحکومیدا، بێ گوێدانە غیاب و دەوامکردنی ڕاستەقینە، قوتابیان دەرباز کراون و دەرچوێنراون.
وەزارەتی پەروەردە هۆشداریشی داوەتە پەیمانگە ناحکومییەکان کە لە بەرامبەر هەر سەرپێچییەکدا، بەپێی مادەی 28 لە یاسای ژمارە 14ـی ساڵی 2012 ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر؛ سزاکانیش لە پێبژاردنی داراییەوە دەست پێ دەکات و تاوەکو وەرگرتنەوەی مۆڵەتی کارکردن دەڕوات. بۆ بەدواداچوونی مەیدانیش سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی ڕاسپێردراون چاودێریی جێبەجێکردنی فەرمانەکە بکەن.
سەرپەرشتیکردنی دامەزراوە پەروەردەیییە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2012 ڕێک دەخرێت. وەزارەتی پەروەردە ناوبەناو ڕێنمایی نوێ بۆ ڕێکخستنی ئاستی زانستی و دەستەبەرکردنی ئامادەبوونی کردەی قوتابیان لە پەیمانگە و قوتابخانە ناحکومییەکاندا دەردەکات.
