پاسی خوێندکاران – Slemani Daily
بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی خوێندکاران دەرکرد و رایگەیاند، بۆ پاراستنی سەلامەتیی منداڵان و بڕوانەبوونی دڵەڕاوکێی خێزانەکان، سیستمی دیاریکردنی شوێن (GPS) لە تەواوی پاسەکانی خوێندنگەکاندا جێبەجێ دەکرێت.
جەمیل کەمال، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی ڕایگەیاند کە ئامانج لەم هەنگاوە دروستکردنی ئاسوودەیییە بۆ خێزانەکان تاوەکو لە ڕێگەی سیستمەکەوە بەردەوام ئاگاداری شوێن، ئاڕاستە و کاتی گەڕانەوەی منداڵەکانیان بن.
جەمیل کەمال ئاماژەی بەوەش کرد، لە بەرامبەر دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییە و کۆنترۆڵکردنی و وردبینی لە هێڵەکاندا، مانگانە بڕی 5 هەزار دینار لە دایک و باوکان وەردەگیرێت. سەبارەت بەو بڕە پارەیەش جەختیکردەوە: “باوەڕ ناکەم هیچ کەسێک کێشەی لەگەڵ ئەم بڕەدا هەبێت، چونکە هیچ دایک و باوکێک سەلامەتیی منداڵەکەی بە پێنج هەزار دینار ناگۆڕێتەوە.”
ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی لە کاتێکدا دەردەچێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا ئاستەنگی هاتووچۆ و نەبوونی چاودێریی ڕاستەوخۆ لەسەر کاتەکانی گەڕانەوەی پاسی خوێندکاران، ببووە هۆی دروستبوونی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی بەردەوام لای خێزانەکان. پێشتریش چەندین داواکاری لەلایەن بەخێوکارانی خوێندکارانەوە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرابوو بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی نوێ لەپێناو چاودێریکردنی ڕێڕەوی پاسەکان و دەستەبەرکردنی زیاتری سەلامەتیی منداڵەکانیان لە ڕێگای خوێندنگەدا.
