گشتی

ئۆتۆمبێلێک لە هاووڵاتییەکی تەمەن 84 ساڵی دا و گیانی لەدەستدا

ڕووداوی هاتووچۆ – Slemani Daily

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەسەر شەقامی 60 مەتریی شاری سلێمانی هاووڵاتییەکی تەمەن 84 ساڵ بەهۆی ڕووداوێکی شێلانەوە لەلایەن ئۆتۆمبێلێکەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ڕووداوەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، ڕووداوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ڕوویداوە و قوربانییەکە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە.

سەبارەت بە ڕێکارەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ڕووداوەکە تەرمی قوربانییەکە گواسترایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پزیشکی دادی سلێمانی بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاری، پاش جێبەجێکردنی تەواوی ڕێکارە یاسایی و پزیشکییەکان، تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.

شەقامی 60 مەتریی سلێمانی بە یەکێک لە شەقامە سەرەکی و پڕهاتووچۆکانی شارەکە دادەنرێت. بەهۆی تیژڕەویی هەندێک لە شۆفێران و کەمیی پردی پەڕینەوەی تایبەت بە پیادەکان لە بەشێک لە بڕگەکانیدا، ساڵانە ڕووداوی شێلانی هاووڵاتییان و پیادەڕەوانی تێدا دووبارە دەبێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *