گشتی

دەزگای ڕوانگە قوتابخانەیەکی هاوچەرخ و مۆدێرنی لە رانیە کردەوە

دروستکردنی قوتابخانەیەکی مۆدێرن لە ڕانیە – Slemani Daily

دەقی هەواڵ 

ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕانیە، باڵەخانەی قوتابخانەی بنەڕەتیی روانگە لە گەڕەکی هەواری شار بە گوژمەی 1 ملیار و 741 ملیۆن و 275 هەزار و 300 دینار لە سەر ئەرکی نێچیرڤان بارزانی ڕادەستی پەروەردە کرا، کە لە ماوەی 547 ڕۆژدا تەواو کراوە.

دەزگای روانگە قوتابخانەیەکی نوێی لە شاری ڕانیە دروستکرد و تەواوکردنی پڕۆژەکەی ڕاگەیاند. لەم بارەیەوە حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ڕوانگە ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی ئەم قوتابخانەیە رەخساندنی ژینگەیەکی پەروەردەیی نموونەیی و هاوچەرخە بۆ منداڵانی سنووری ئیدارەی راپەڕین.

پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 7 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە کە 2 هەزار و 923 مەتری رووبەری باڵەخانەکەیە، باڵەخانەکە لە دوو نهۆم و 18 پۆلی خوێندنی مۆدێرن پێکدێت؛ لەگەڵ هۆڵی کۆبوونەوە، بەشی کارگێڕی، کتێبخانە، 3 تاقیگەی زانستی، کافتریا، ژووری فریاگوزاری، و یاریگایەکی فووتساڵ هەروەها پڕۆژەکە خاوەنی 1,703 مەتر دووجا سەوزایی و 34 کامێرای چاودێرییە، لەگەڵ سیستمی وزەی خۆری 15KW و سیستمی پێشکەوتووی ئاگرکوژێنەوە و بەکارهێنانەوەی ئاوی باران.

دابینکردنی بینای هاوچەرخی قوتابخانەکان لە لایەن ڕێکخراو و دەزگا خێرخوازییەکانەوە یارمەتیدەرێکی گەورەی کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بووە بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانی وەک دوو دەوامی و لۆدی زۆری قوتابییان لە پۆلەکاندا، بە تایبەت لە گوندەکان و ئیدارە سەربەخۆکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *