گشتی

ئیتاڵیا کار لەسەر قەدەغەکردنی حیجاب و سنووردارکردنی خوێندکارانی بیانی دەکات

قەدەغەکردنی حیجاب – Slemani Daily 

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا پڕۆژەیەکی نوێی ڕاگەیاند بۆ قەدەغەکردنی حیجاب و نیقاب لە قوتابخانەکاندا، شانبەشانی سنووردارکردنی ژمارەی خوێندکارانی بیانی.

جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، ئاشکرای کرد کە حکومەتەکەی لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمەڵێک ڕێکاری تازە دەگرێتەبەر بۆ ڕێکخستنەوەی سیستمی پەروەردە و بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکانی کۆچبەری لە ناوەندەکانی خوێندندا. لە میانی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە پۆشینی نیقاب، ڕووبەند و حیجاب بۆ ژنان و کچانی موسڵمان لە سەرجەم قوتابخانەکاندا بەتەواوی قەدەغە دەکرێت.

هاوکات جەختی کردەوە کە خوێندنی زمانی ئیتاڵی بۆ سەرجەم خوێندکارە بیانییەکان دەکرێتە مەڕجێکی ناچاری و لەبارەی گرنگیی فێربوونی زمانەکەشەوە ڕایگەیاند، ئەگەر کەسێک بیەوێت لە ئیتاڵیا بمێنێتەوە و داهاتوویەک بونیاد بنێت، دەبێت فێری زمانەکەیان بێت و ڕێز لە یاسا و کەلتووری وڵاتەکە بگرێت. سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی خوێندکارانی بیانی لە ناوەندەکانی خوێندندا سنووردار دەکرێت، لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە ئەم پڕۆژەیاسایە دوای پەسەندکردنی لەلایەن حکومەت و پەرلەمانەوە ڕاستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

حکومەتەکەی جۆرجیا مێلۆنی، کە لە هاوپەیمانییەکی راستڕەوی پارێزگار پێکهاتووە، سەرنجی سەرەکی خستووەتە سەر پاراستنی کەلتووری نیشتمانی، کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوتی کۆچبەری و زیادکردنی تێکەڵاوبوونی کۆچبەران لە کۆمەڵگەی ئیتاڵیدا. پێشتریش لە چەندین وڵاتی دیکەی ئەوروپی وەک فەرەنسا و بەلجیکا یاسای هاوشێوە بۆ قەدەغەکردنی ڕووبەند و هێما ئایینییەکان لە شوێنە گشتییەکان و قوتابخانەکاندا جێبەجێ کرابوو. لایەنگرانی ئەم ڕێکارانە پێیان وایە ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی بێلایەنیی ناوەندەکانی خوێندن و ئاسانکاری لە تێکەڵبوونی کۆچبەران، لەکاتێکدا ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوانە ئازادییە کەسی و ئایینییەکان بەرتەسک دەکەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *