گشتی

سوپای عێراق تەرمی گەنجێکی کوردیان بە کوژراوی ڕادەستی خێزانەکەی کردەوە

چارەنووسی گەنجە بێسەروشوێنبووەکەی پردێ – Slemani Daily

دەقی هەواڵ 

کەسوکاری محەممەد هێمن ئەو گەنجە کوردەی لە شەرەکە پردێ بێسەروشوێن کرابوو ئاگادارکرانەوە تاوەکو تەرمی کوڕەکەیان لە پزیشکی دادی کەرکووک وەربگرنەوە، دوای ئەوەی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکەی پردێدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرابوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ی ئەیلوولی 2026، کەسوکاری گەنجێکی کورد بە ناوی (محەممەد هێمن)، کە کوڕی خاوەنی ئەو مارکێتەی پردێیە کە چەکدارانی داعشی تێدا کرانەئامانج، هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان پێدرا. هێزە ئەمنییەکان خێزانەکەیان ئاگادارکردووەتەوە تاوەکو سەردانی بەشی پزیشکی داد لە نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک بکەن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی.

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای کردووە کە ئەم گەنجە تەمەنی 16 ساڵ بووە و تاقانەی شەش خوشک بووە. بەپێی وتەی پەرلەمانتارەکە و کەسوکارەکەی، محەممەد لە کاتی شەڕەکەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیر کرابوو، لە کاتێکدا هیچ پەیوەندییەکی بە ڕووداوەکانەوە نەبووە و لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا گیانی لەدەستداوە.

ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی 27ی ئەیلوولی 2026، کاتێک لە ناحیەی پردێ (ئاڵتون کۆپری) ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق و سێ چەکداری داعش ڕووی دا. بەپێی ڕاگەیەندراوی دژەتیرۆری عێراق، لەو ئۆپراسیۆنەدا دوو چەکداری داعش کوژران و سێیەمیان دەستگیر کرا. لە ئەنجامی هەمان ڕووبەڕووبوونەوەدا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی (موڕاد زانا) کە کارمەندی مارکێتەکە بوو گیانی لەدەستدا، و محەممەد هێمنیش لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیر کرا و بێسەروشوێن بوو، تاوەکو ئەمڕۆ کە تەرمەکەی ڕادەستی خێزانەکەی کرایەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *