گشتی

ماوەی لێخۆشبوونی 50% قەرزی کارەبا درێژکرایەوە

قەرزی کارەبا – Slemani Daily 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ دوایین جار ماوەی لێخۆشبوونی قەرزی کۆنی کارەبای تاوەکو 18ی 10 درێژکردەوە، پێش ئەوەی قەرزەکان بەبێ داشکاندن ببنە قیست.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بۆ دوایین جار ماوەی لێخۆشبوون لە قەرزی کۆنی کارەبا پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی بە ڕێژەی 25% تاوەکو 50% درێژ بکاتەوە، کە دوا دەرفەت دەبێت بۆ هاوبەشان پێش ئەوەی قەرزەکانیان بە شێوەیەکی خۆکارانە بکڕێنە قیست.

بەپێی بڕیارەکە، دەرفەتی داشکاندنەکە لە ڕێکەوتی 24-09-2026 دەستپێدەکات و تاوەکو 18-10-2026 بەردەوام دەبێت. هەروەها ڕێژەی لێخۆشبوون بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ بە ڕێژەی 50% دەبێت، و بۆ هاوبەشانی بازرگانی و پیشەسازی داشکاندنەکە بە ڕێژەی 25% دەبێت. جگە لەوەش، دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکە لە 18-10-2026، هەر قەرزێکی کۆن کە بمێنێتەوە، بەبێ هیچ داشکاندنێک بە شێوەیەکی خۆکارانە دەکرێتە قیستی مانگانە، کە ماوەی دانەوەی قیستەکان لەنێوان 6 تاوەکو 24 مانگدا دەبێت.

ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکیدایە و ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ڕاگەیەندراوە، ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی تۆڕی کارەبا و پێدانی ئاسانکاریی دارایی کۆتاییە بە هاوبەشان بۆ ئەوەی پێش چالاکبوونی تەواوەتی سیستەمی نوێ و سەپاندنی قیستی پابەندکراو، قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بە بڕێکی کەمتر بدەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *