تەقینەوەیەک لە مزگەوتێکدا ڕوویدا – Slemani Daily
بەهۆی تەقینەوەیەکی بەهێز لەناو مزگەوتێک لە هەرێمی خەیبەری پاکستان، لانیکەم 17 کەس گیانیان لەدەستدا و 40 کەسی دیکەش بریندار بوون، گرووپێکیش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە (20ی ئەیلوولی 2026)، لە هەرێمی خەیبەری وڵاتی پاکستان، تەقینەوەیەکی بەهێز لەناو مزگەوتێکدا ڕوویدا. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، تا ئێستا لانیکەم 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 40 کەسی دیکەش بریندار بوون. تەقینەوەکە بە ڕادەیەک بەهێز بووە کە زیانێکی زۆری بە بینای مزگەوتەکە گەیاندووە.
هاوکات گرووپی “ئیتیحادی موجاهیدین” بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی ئەم هێرشە خوێناوییە ڕاگەیاند.
هەرێمی خەیبەر پختونخوا لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان، بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ وڵاتی ئەفغانستان، ناوچەیەکی ئاڵۆزە و لەم ساڵانەی دواییدا ببووە مەیدانی چالاکی و هێرشی چەکداریی گرووپە جیاوازەکان. بەکارهێنانی شوێنە ئایینییەکان و مزگەوتەکان وەک ئامانج لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لەو ناوچەیەدا، پێشتریش ڕووی داوە و بووەتە هۆی سەرهەڵدانی نیگەرانیی ئەمنیی بەردەوام بۆ حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی پاکستان.
