گشتی

مژدەیەک لە وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانەوە: غازێکی زۆر دەگات و کارەبا چاک دەبێتەوە

کێشەی کارەبا- Slemani Daily

دوای وەستانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا کۆنترۆڵکردنی دۆخی کارەبا و دابەشکردنی دادپەروەرانەی بەرهەمی بەردەست بەسەر پارێزگاکاندا ڕادەگەیەنن، هاوکات دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتییان کە قەیرانی گازی ماڵان ڕوونادات.

دوای ڕاگرتنی چالاکییەکانی کۆمپانیای داناگاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، بووەتە هۆی پەککەوتنی هەناردەکردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا و کەمبوونەوەی 2500 مێگاوات لە تۆڕی نیشتمانی. بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دۆخە ناکاوە، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، تیمێکی هاوبەشیان لە هەردوو وەزارەت ڕاسپاردووە تا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ڕێک و پێش، ئەو بڕە کارەبایەی کە بەردەستە بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بکەن.

هاوکات بۆ ڕێگریکردن لە هەر قەیرانێکی کەمبوونی گازی ماڵان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕەزامەندی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ وەرگرتووە بۆ دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەی گازی شل, لەم چوارچێوەیەشدا، هەر ئەمڕۆ چەندین تانکەری گازی شل ڕەوانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن تا دڵنیایی تەواو بدرێت بە هاوڵاتییان کە قەیرانی غازی ماڵان لە ئارادا نییە و پێداویستی ڕۆژانەیان بە تەواوی دابین دەکرێت.

هەردوو وەزارەتەکە ڕایدەگەیەنن کە تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم بە بەردەوامی چاودێری دۆخەکە و ڕێکخستنەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە دەکەن. جەختیش دەکەنەوە کە کارەکان لە سەرجەم ئاستەکاندا بەردەوامن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دەستپێبکاتەوە.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی دابینکردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان, بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و گرنگییەکەیەوە، چەندین جاری تر ڕووبەڕووی هێرش و هەڕەشەی ئەمنی بووەتەوە، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتییان و ئاستی بەرهەمهێنانی وزە لە هەرێمدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *