دەروازەی باشماخ – Slemani Daily
بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە سیستمی کۆمپیوتەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا، لە ئێستادا هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بەڕووی ئێراندا بە تەواوی ڕاگیراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەروازەی سنووری باشماخ ڕایگەیاند، کە کێشەکە تەنها لە لایەنی ئێرانەوەیە و لە لایەن وێستگەکانی هەرێمی کوردستانەوە هیچ گرفتێکی تەکنیکی یان کارگێڕی بوونی نییە، بەهۆی ئەم پەککەوتنەی سیستمەشەوە، ڕێکارەکانی بەڕێکردنی گەشتیاران لە هەردوولا وەستاون تا ئەو کاتەی کێشە تەکنیکییەکە لە لایەن تیمەکانی چاکسازی ئێرانەوە چارەسەر دەکرێت.
دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ (پێنجوێن) یەکێکە لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، کە ڕۆژانە جموجۆڵێکی خێرای بازرگانی و گەشتیاری بەخۆیەوە دەبینێت، لە ڕابردووشدا چەندین جار بەهۆی نوێکردنەوە یان پەککەوتنی سیستمەکانی پاسپۆرت و گومرگ لە لایەنی ئێرانەوە، هاتووچۆی گەشتیاران بۆ ماوەی کاتی تووشی وەستان و سستی بووەتەوە.
