دەقی هەواڵ
کەش و هەوا – Slemani Daily
شارەزایەکی کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، لە بیست ڕۆژی یەکەمی مانگی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبن و ئەگەری شەپۆلێکی بارانبارینی باشیش هەیە لە ناو جەرگەی هاویندا.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای دیاری بواری کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینییە سەرەتاییەکان بۆ مانگی داهاتوو مژدەی خۆش بە هاووڵاتییان دەدەن، بەپێی وتەی ئەو شارەزایە، لە مەودای نێوان 1ی تەممووز بۆ 20ی تەممووزی 2026، پلەکانی گەرما لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی ئاساییدا دەبن، و ئەگەر هەر شەپۆلێکی گەرماش ڕوو لە ناوچەکە بکات، تەنیا کورتخایەن دەبێت و زۆری پێناچێت.
ئەم شارەزایەی کەشناسی ڕوونیشی کردەوە کە ئەگەرێکی بەهێز هەیە لە مانگی داهاتوودا تەممووز بارانێکی باش ببارێت، ئەمەش دیاردەیەکی کەم وێنەیە لەم وەرزەدا, بەهۆی ئەم بارانبارینەشەوە، پلەکانی گەرما بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بۆ خوار ئاستی ئاسایی خۆیان دابەزن و کەشێکی فێنک و لەبار بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر بکات.
هەرێمی کوردستان بەوە ناسراوە کە خاوەن کەشوهوایەکی نیمچە وشکە؛ هاوینانی گەرم و وشکە و زستانانی سارد و باراناوییە، بارانبارین لە مانگی تەممووزدا کە چاوگی گەرمای هاوینە بە دیاردەیەکی دەگمەن یان سەیر دادەنرێت و زۆرجار بەهۆی گۆڕانکارییە لەناکاواوەکانی پەستانی هەوا و هاتنی شێی بەهێزەوە دروست دەبێت، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەمکردنەوەی تینی گەرما و تۆزاویبوونی ئاسمان دەبێت.
