وەزارەتی دارایی مووچەی مانگی  یەکی بەشێک لە فەرمانبەران ڕادەگرێت

وەزارەتی دارایی هەرێم هۆشداری توند دەداتە فەرمانبەران و بانکەکان و بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مانگی یەکی ئەو کەسانە دەدات کە لە پڕۆژەی (هەژماری من) تۆمار نەکراون، هاوکات ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی هەژماری مووچەخۆرانی بانکی TBI بۆ بانکەکانی تر ڕادەگەیەنێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوێترین کۆبوونەوەیدا لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من) بڕیاریدا مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە ڕابگیرێت کە تا ئێستا لە پڕۆژەکە تۆمار نەکراون یان سەرەڕای تەواوبوونی کارتەکانیان بۆ وەرگرتنەوەیان سەردانی بانکەکانیان نەکردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە سەرپەرشتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەڕێوەچوو جەخت لەسەر سزادانی ئەو بانکانە کرایەوە کە خزمەتگوزارییان وەک پێویست نییە و بەهۆی کێشە تەکنیکییە بەردەوامەکانی بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) و نەبوونی ئامێری ATM لە قەزا و ناحیەکان، بڕیاردرا فەرمانبەرانی سەر ئەو بانکە بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە بگوازرێنەوە سەر بانکە دڵخوازەکانی تری ناو پڕۆژەکە.

بەپێی ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەی هەژماری من  تۆمار کراون و بۆ مووچەی ئەم مانگەش نزیکەی 700 هەزار کەس لە ڕێگەی هەژماری بانکییەوە مووچەکانیان وەردەگرن، هاوکات پرۆسەی تۆمارکردنی خانەنشینان و جوتیارانیش بەردەوامی هەیە و لە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردندایە بۆ ئەوەی سەرجەم شایستە داراییەکان بکرێنە ئەلیکترۆنی و هەر بانکێکیش پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت لە پڕۆژەکە دوور دەخرێتەوە.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان