شاری کۆبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی توند دەبێتەوە، بەهۆی گەمارۆدان و سەرما و سۆڵەی زستانەوە، چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا و ژیانی هەزاران خێزانی تریش لە مەترسیدایە.
هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیاند کە شارەکە چەند ڕۆژێکە بە تەواوی گەمارۆ دراوە، کارەبا، ئاو و دەرمان بە تەواوی لە شارەکە بڕدراون و ڕێگەکانی هاتووچۆ داخراون.
تیمەکانی مانگی سوور پشتڕاستیان کردووەتەوە کە چوار منداڵ بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە، بارینی بەفرێکی زۆر دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، لە کاتێکدا هیچ جۆرە سووتەمەنییەک بۆ گەرمکردنەوە بەردەست نییە.
هەدیە عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکرد ؛کۆبانی لەژێر گەمارۆیەکی تونددایە و هاونیشتمانیان لە دۆخێکی ژیانی زۆر سەختدا دەژین.
بەهۆی داخستنی ڕێگاکان و نەبوونی دەرمان، مانگی سووری کورد هۆشداری دەدات لە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی گەورەتر و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکات بە هانای شارەکەوە بچن.

