بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ڕسوماتی نوێکردنەوەی پاسەپۆرتی بۆ 50 هەزار دینار کەمکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئاسانکارییەکی نوێی بۆ ئەو هاوڵاتییانە ڕاگەیاند کە دەیانەوێت پێش وادەی دیاریکراو پاسپۆرتەکانیان نوێ بکەنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەو هاوڵاتییانەی پاسپۆرتەکانیان زیاتر لە ساڵێکی مابێت بۆ بەسەرچوون و خۆیان ئارەزووی نوێکردنەوەی دەکەن (جۆری مامەڵەی خواستی)، بڕی تێچووەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکراوەتەوە.
گۆڕانکارییەکە بەم شێوەیەیە:
• نرخی پێشوو: 200,000 دینار.
• نرخی نوێ: 50,000 دینار.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان بەهۆی مەرجی وڵاتان بۆ پێدانی ڤیزا کە زۆربەیان داوای شەش مانگ یان ساڵێک ماوەی پاسپۆرت دەکەن، ناچاردەبوون پێشوەختە پاسپۆرتەکانیان نوێ بکەنەوە و ئەمەش تێچوویەکی زۆری دەخستە سەرشانیان بەڵام بەم بڕیارە نوێیە هاوڵاتییان دەتوانن بە تێچوویەکی کەمتر و لە کاتێکی گونجاودا مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن.

