تەرمی پێشمەرگە ـ Slemani Daily
ئەمڕۆ 12ی ئابی 2026، لە دوو ناوچەی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک 37 تەرم دۆزراونەتەوە کە بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان تەرمی پێشمەرگەن، بەڵام پەیمانگەی پزیشكی دادوەریی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت تا ئەنجامدانی پشكنینی DNA ناتوانرێت ناسنامەیان بەفەرمی پشتڕاست بکرێتەوە.
ئەمڕۆ 12ی ئابی 2026، یاسین كەریم، بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشكی دادوەریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گۆڕەکان لە ناوچەکانی هەرماتی 1 و هەرماتی 2 لە مووسڵ و ناوچەی حەویجە دۆزراونەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ناوچەی حەویجە 17 تەرم و لە ناوچەی هەرماتی نزیکەی 20 تەرم دۆزراونەتەوە، کە کۆی گشتییان دەکاتە 37 تەرم.
سەبارەت بە پرۆسەی ناسینەوەی تەرمەکان، بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادوەری ڕوونی کردەوە کە ئەنجامدانی پشکنینی DNA تێچوویەکی زۆری دەوێت و پێویستە حکومەتی عێراق بودجەکەی دابین بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان وەک لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستان هەوڵدەدەن بە ڕێگەی دیکە کار بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکە و ناسینەوەی ڕووفاتەکان بکەن.
سەرهەڵدان و شەڕی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکانی مووسڵ، حەویجە و ناوچە دابڕێنراوەکان، بووە هۆی شەهیدبوون و بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ھێزەکانی پێشمەرگە و هاووڵاتییانی مەدەنی. تا ئێستاش پرۆسەی دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناسینەوەی ڕووفاتەکان لە ڕێگەی پشکنینی ژێنێتیکی (DNA) بەھۆی کێشەی دارایی و تەکنیکییەوە ڕووبەڕووی خاووبوونەوە دەبێتەوە.
