کۆڕەک تیلیکۆم ـ Slemani Daily
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بەهۆی جێبەجێێنەکردنی پابەندییە دارایی و یاساییەکان و شکستهێنانی لە ڕێککەوتنەکان، بڕیاری دا بە ڕاگرتنی سەرجەم کارەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، سڕکردنی سامانەکانی و قەدەغەکردنی کڕینی باڵانس لەلایەن هاووڵاتییانەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئاشکرای کرد کە بەهۆی پێشێلکردنی بەردەوامی گرێبەستەکان، بڕیاریان داوە دەست بەسەر سەرجەم ئامێر و تۆڕەکانی کۆڕەک تیلیکۆمدا بگرن و کارەکانی لە سراپای وڵاتدا ڕابگرن.
دەستەکە داوای لە هاووڵاتییان و بەشداربووان کردووە کە بۆ دووربوون لە زیانی دارایی، پڕکردنەوەی باڵانس و نوێکردنەوەی هاوبەشییەکانیان ڕابگرن و هیچ بڕە پارەیەک نەدەنە کۆمپانیاکە. لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە داوە کە هاووڵاتییان ڕێگە نەدەن کۆمپانیاکە بورج و ئامێرەکانی ببات، و داواشی لێکردون سیمکارتەکانیان فڕێ نەدەن تا دەردەچوونی بڕیاری نوێ.
ململانێی یاسایی و دارایی نێوان دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) و کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم مێژوویەکی چەند ساڵەی هەیە؛ بەهۆی کۆبوونی بڕێکی زۆر لە قەرزی کڵۆتکراو و پابەندبوونی دارایی و کۆتاییهاتنی مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیاکە، دەستەکە پێشتریش چەندین سزای بەسەر کۆڕەکدا سەپاندبوو، لەوانە بڕینی پەیوەندیی نێوان کۆڕەک و کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندی لە عێراقدا.
