پشوو ـ Slemani Daily
ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا ڕۆژی چوارشەممە 12ی ئاب لە تەواوی دامودەزگا حکومییەکان بێتە پشووی فەرمی، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی کردنەپشووی ئەو ڕۆژەوە بڵاونەکردووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری پشووەکە بەبۆنەی یادی کۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لێبێت دراوە و تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی فیدراڵ دەگرێتەوە.
لە بەرامبەردا، تاوەکو ئەم ساتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری نەداوە ئەو ڕۆژە بکاتە پشوو. بەپێی خشتەی ڕەسمیی پشووەکانی حکومەتی هەرێم، لەم مانگەدا تەنیا ڕۆژی 25ی ئاب بەهۆی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) وەک پشووی فەرمی دیاریکراوە.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی بۆنە ئایینییەکاندا، حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی پشووەکانیان ڕادەگەیەنن، لە زۆربەی بۆنە گشتییەکاندا هەردوو حکومەت هەماهەنگی دەکەن، بەڵام هەندێک جار بەپێی خشتەی تایبەتی هەرێم، جیاوازی لە دیاریکردنی ڕۆژانی پشوودا ڕوودەدات.
