مۆڵەتی بێ مووچە ـ Slemani Daily
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران دەرکرد و کارکردنی بە بڕیارێکی پێشووتری لەو بارەیەوە ڕاگرت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە کەمکردەوە بۆ دوو ساڵ و جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو ماوەیە بۆ هیچ مەبەستێک بە خزمەت هەژمار ناکرێت.
بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (300)ی ئەنجوومەنی وەزیران، کارکردن بە بڕیاری ژمارە (38)ی ساڵی 2015 هەڵوەشێنراوەتەوە، ئەم هەنگاوە نوێیە پاڵپشتە بە بڕیاری تەشریعیی ژمارە (418)ی ساڵی 1987 کە تێیدا دیاریکراوە ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە نابێت لە دوو ساڵ زیاتر بێت.
هەروەها بڕیارەکە گونجێنراوە لەگەڵ یاسای خانەنشینی گشتی، کە ئاماژە بەوە دەکات ماوەی ئەم مۆڵەتە بۆ هیچ مەبەستێکی ئیداری یان خانەنشینی بە ڕاژە هەژمار ناکرێت.
ئەم گۆڕانکارییە هاوتەبایە لەگەڵ بڕیاری ژمارە (107)ی ساڵی 2010ی ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق، کە پێدانی مۆڵەتی بێ مووچەی لە تەواوی ماوەی ڕاژەی فەرمانبەردا تەنیا بۆ یەک جار سنووردار کردووە. لە ساڵی 2015دا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەهۆی قەیرانی دارایی و بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر بودجە، بڕیاری ژمارە (38)ی دەرکردبوو کە ئاسانکاری دەکرد بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ ماوەی درێژخایەنتر، بەڵام بڕیارە نوێیەکە تەواوی ئەو ئاسانکارییانە ڕادەگرێت و سیستەمەکە دەگەڕێنێتەوە سەر یاسا بەرکارە کۆنەکان.
