سەرەی بەنزین ـ Slemani Daily
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ڕاپەڕین ئاگادارییەکی بەپەلە ئاڕاستەی شۆفێران دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە وەستان لە سەرەی بەنزینخانەکان بەبێ هەبوونی مۆڵەتی فەرمیی شۆفێری بە تەواوی قەدەغەیە، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر.
بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، سەرجەم ئەو شۆفێرانەی لە سەرەی بەنزیندا دەوەستن (پیاوان و ئافرەتان) پێویستە پابەندی یاساکانی هاتوچۆ بن. ڕێگە بە هیچ شۆفێرێک نادرێت کە مۆڵەتی شۆفێری پێنەبێت بچێتە ناو سەرەکەوە، و لە کاتی بوونی هەر سەرپێچییەکدا مەفرەزەکانی هاتوچۆ ڕاستەوخۆ ڕێکاری یاسایی بەپەلە بەرامبەر شۆفێری سەرپێچیکار دەگرنە بەر.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی سنوورەکە دەکات بە مەبەستی پاراستنی ڕێکخستنی هاتوچۆ و پاراستنی مافی هاووڵاتییان، بە تەواوی پابەندی ڕێنماییەکان ببن تاوەکو تووشی لێپرسینەوە و سزای یاسایی نەبنەوە.
ئەم بڕیار و ڕێکارە نوێیانە لەسەر ڕاسپاردەی قایمقامی قەزای ڕانیە و لەسەر داواکاریی ئیدارەی بەنزینخانەی (Ranya Oil 2) گیراونەتە بەر، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قەرەباڵغی، پشێوی و بنبڕکردنی سەرپێچییەکان لە کاتی وەستان لە سەرەی وەرگرتنی سووتەمەنیدا.
