گشتی

ڤایرۆسێكی كوشندە بەرهەمی پەلەوەری لە سلێمانی لەناو دەبات

کێڵگە پەلەوەریەکان ـ Slemani Daily 

بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی توندی ڤایرۆسی پەلەوەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی، زیانێکی دارایی گەورەی بە خاوەن كێڵگەكان گەیاندووە و 40%ی بەرهەمی مریشکی لەناو بردووە؛ بەپێی وتەی سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، هاووڵاتییانی ئەم کەرتە لە لێواری مایەپووچبوونی تەواوەتیدان.

لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا، ساڵانە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان ڕوو لە كێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام بەپێی ئامارەکان، بەهێزیی گەشەی ڤایرۆسەکانی ئەمساڵ بێپیشینەیە. نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی ئاشکرای کرد کە ڤایرۆسەکە 40%ی کێڵگەکانی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی مرداربوونەوەی بەشێکی بەرفراوانی مریشک.

سەرۆکی کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەکە تەنیا نەخۆشییەکە نییە، بەڵکو ئاستەنگەکانی بەبازاڕکردن دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە؛ بازگەكانی حكومەتی فیدراڵیی عێراق ڕێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمی ماوەی کوردستان بۆ شارەکانی تری عێراق دەکەن. ئەم ئاستەنگانە بە هاوشانی زیانی ڤایرۆسەکە، مەترسیی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر بەردەوامیی كاری خاوەن كێڵگەكان دروست کردووە.

کەرتی پەلەوەر یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و بەشێکی گرنگی ئاسایشی خۆراک دابین دەکات:

 دیارترین ڤایرۆسەکان: پەتاکە بەپلەی یەکەم لە سێ جۆری کوشندە پێکدێت کە ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین زیان دەیەیەنن، ئەوانیش: (IB – هەوکردنی بۆریی هەناسە)، (نیوکاسڵ) و (گەمبۆرۆ).

لە هەرێمی کوردستاندا 1,585 كێڵگەی پەلەوەر هەن کە ساڵانە 400 هەزار تۆن گۆشتی مریشك بەرهەم دەهێنن, پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەنیا 150 هەزار تۆنە؛ 250 هەزار تۆنەکەی تر بۆ شارەکانی تری عێراق هەناردە دەکرێت, ئەم کەرتە بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی نزیکەی 400 هەزار هەلی کار لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *