پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، 3 ژن بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێڵ دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: پاش ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای یاسایی تۆمارکرد سەبارەت بە دزینی ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری (تۆیۆتا کراون – بێ سەرەتا) لە کاتژمێر 7:30ی شەو، دەستبەجێ تیمەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد کرد و لەلایەن مەفرەزەکانمانەوە و لە ماوەی کەمتر لە 3 کاتژمێردا، شوێنی تۆمەتباران دەستنیشانکرا و توانرا هەر 3 تۆمەتبارەکە کە دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەن دەستگیربکرێن، کە بریتین لە:
• (و. ع. ص) تەمەن 39 ساڵ.
• (ڕ. ع. ا) تەمەن 38 ساڵ.
• (س. ف. ح) تەمەن 17 ساڵ.
پۆلیسی هەڵەبجە ڕایدەگەینێت کە دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران، دەستبەجێ دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکەدا گیرا، تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لە ئێستاشدا بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و پەڕاوی یاساییان بۆ ڕێکخراوە.

