سالار حاجی، شارەزای بواری فەلەکناسی، نوێترین پێشبینییەکانی بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی ساڵی 2026 بڵاوکردەوە و وادەی یەکەم ڕۆژی جەژنی بەپێی لێکدانەوە فەلەکییەکان دەستنیشان کرد.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو شارەزایە، لە شەوی 16ـی ئایاری 2026 و لە کاتژمێر 23:00:59ـی شەودا مانگ نوێ دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم کاتە چەند کاتژمێرێک دوای نوێژی خەوتنانەیە، لە هیچ شوێنێکی جیهاندا بە چاوی سەر نابینرێت. بڕیارە لە ئێوارەی ڕۆژی 17ـی ئایاردا هیلالی مانگ لە ڕێگەی ئامێری تەلەسکۆپەوە ببینرێت، کە لە کاتژمێر 19:30ـی ئێوارەی هەمان ڕۆژدا ڕێژەی بینینی لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان دەگاتە 1.1%.
لەسەر ئەم بنەما فەلەکییانە، چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی 18ـی ئایاری 2026 ببێتە یەکەم ڕۆژی مانگی زیلحەجە و دەسپێکی فەریزەی حەج، بەوەش ڕۆژی 26ـی ئایار کە هاوتایە لەگەڵ 9ـی مانگی زیلحەجە، دەبێتە ڕۆژی وەستان لە کێوی عەرەفە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕۆژی دواتر واتە 27ـی ئایاری 2026، دەبێتە 10ـی مانگی کۆچی و وەک یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز ئەژمار دەکرێت.

