قایمقامییەتی چەمچەماڵ: تەقەکردن لە درۆن قەدەغەیە و سەرپێچیکاران دەستگیر دەکرێن

قایمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ هۆشدارییەکی بەپەلە و توند ئاراستەی دانیشتووانی سنوورەکە دەکات و ڕایگەیاند هەر کەس تەقە لە درۆن بکات دەستگیردەکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی ئیدارەی قەزی چەمچەماڵ، هەر هاووڵاتییەک لە کاتی بینینی درۆن پەنا بۆ بەکارهێنانی چەک و تەقەکردن ببات، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی و دەستگیرکردن دەبێتەوە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە چەند ناوچەیەک هەوڵی خستنەخوارەوەی درۆن بە چەکی جۆراوجۆر دراوە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پێویستە هاونیشتمانییان لە کاتی بینینی هەر تەنێکی گوماناوی یان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسماندا، تەنیا لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە تەقەکردنی هەڕەمەکی لە ناوچە نیشتەجێبووەکاندا مەترسیی گەورە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و سەلامەتی گشتی دروست دەکات، هەربۆیە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر سەرپێچیکارێک دەگیرێتەبەر.

ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو لە سنووری قەزای چەمچەماڵدا وەسف کراوە، بەتایبەت کە لایەنە ئەمنییەکان خۆیان بەرپرسن لە چاودێریکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ جووڵە ئاسمانییەکاندا.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان