وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریان دا بە درێژکردنەوەی پشووی فەرمیی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بۆ ماوەی 1 هەفتەی دیکە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی قوتابیان و خوێندکاران.
بڕیارەکە سەرجەم باخچەکانی منداڵان، قوتابخانەکان، پەیمانگا و زانکۆ حکومی و تایبەتەکان دەگرێتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە درێژکردنەوەی پشووەکە بەهۆی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستاوە بووە و لە نزیکەوە چاودێریی ڕەوشەکە دەکەن بۆ دیاریکردنی کاتی دەستپێکردنەوەی خوێندن.
سەبارەت بە زیانەکانی ئەم پشووە، هەردوو وەزارەت جەختیان کردووەتەوە کە میکانیزمی گونجاو بۆ قەرەبووکردنەوەی وانەکان دادەنرێت، بە شێوەیەک کە زیان بە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ نەگات و کاتەکان بەسەر کارنامەی خوێندندا دابەش دەکرێنەوە.

