بڕیاری دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانە و زانکۆکان درا

دوای ماوەیەک لە پشوو و ڕاگرتنی خوێندن بەهۆی جەژنی نەورۆز و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریان دا بە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، هاوکات وەزیری پەروەردەش چەند بڕیارێکی نوێی بۆ ئاسانکاریی مامۆستایان و قوتابیان ڕاگەیاند.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نوێترین لێدوانیدا ئاشکرای کرد کە پشووی ڕۆژانی شەممە لە ناوەندەکانی خوێندن وەک خۆی دەمێنێتەوە و لانابرێت، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەوامی مامۆستایان تەنها وابەستەیە بە وتنەوەی بەشە وانەکانیان و هەر کاتێک وانەکانیان تەواو کرد دەتوانن بڕۆنەوە و پابەند ناکرێن بە مانەوە تا کۆتایی کاتی دەوام، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 29ی 3ی 2026, دەرگای سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکان بەڕووی خوێندکاراندا بکرێتەوە و دواتریش هەردوو وەزارەت لە ڕاگەیەندراوی جیادا وردەکاریی زیاتر لەبارەی ڕێکارەکان بڵاودەکەنەوە.

پڕۆسەی خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە ماوەی ڕابردوودا جگە لە پشووەکانی جەژنی نەورۆز، بەهۆی بارگرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان (ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل) و کاریگەرییە ئەمنییەکانی لەسەر ناوچەکە ڕاوەستابوو، ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەش بۆ ڕەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانە دێت کە باس لە پۆچەڵکردنەوەی پشووی شەممە و زیادکردنی لۆدی خوێندن دەکرا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ماوەیەی کە بەهۆی بارودۆخە نائاساییەکەوە خوێندن تێیدا پەککەوتبوو.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان