ترەمپ ڕاگرتنی کاتیی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی “بەرهەمدار” لەگەڵ تاران، فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری کردووە هەموو جۆرە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ڕابگرن، ئەمەش وەک دەرفەتێک بۆ سەرکەوتنی دیپلۆماسی.

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا واشنتۆن و تاران گفتوگۆی “قووڵ و بونیادنەرانەیان” هەبووە سەبارەت بە گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دانوستانانە بە درێژایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبن، هەر بۆیە بڕیار دراوە وێستگەکانی کارەبا و کەرتی وزەی ئێران لە ئامانجە سەربازییەکان بەدەر بکرێن تاوەکو دەرەنجامی کۆتایی وتوێژەکان ڕوون دەبێتەوە.

ئەم بڕیارە کتوپڕەی واشنتۆن دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاستی گرژییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتبووە لوتکە و مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە ئارادا بوو. پێشتر ئەمریکا هەڕەشەی کردبوو کە وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران دەکاتە ئامانج، بەڵام ئێستا دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک لە پێکدادان و ئاڵۆزییەکان، هەردوو لا پەنایان بۆ دیپلۆماسی بردووە و کۆتاییهێنان بە جەنگەکەش بەستراوەتەوە بەو زنجیرە کۆبوونەوانەی کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجام بدرێن.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان