وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر هێزەکانی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد سنوورێک بۆ ئەو پەلامارانە دابنێت.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لەلایەن “تاقمە تیرۆریستییە لەیاسا دەرچووەکان”ەوە، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کراوەتە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانج لەم هێرشە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە لەم قۆناغە هەستیارەدا.
ناوچەی چەمچەماڵ و دەوروبەری، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و نزیکی لە ناوچە جێناکۆکەکان، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و موشەکی بووەتەوە، ئەم هێرشانە زۆرجار کێڵگە گازییەکان و بارەگا ئەمنییەکان دەکەنە ئامانج، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ئابووری و ئەمنی ناوچەکە وەسف دەکرێن.

