وەزارەتی کارەبا: بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دەستیپێکردەوە و کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد دەکەن

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی، دۆخی کارەبا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و پڕۆژەی ڕووناکی دەبێتە 24 کاتژمێر.

وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد کە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێم گەیشتووەتە 3500 مێگاوات، بەپێی پلانی نوێ، لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە بۆ ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو، پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات و دەبێتە 15 کاتژمێر لە شەو و ڕۆژێکدا.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوای تێپەڕبوونی ئەو دوو ڕۆژە دۆخی کارەبا بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە، بۆ بەشداربووانی پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێری بەردەوام، هەروەها بۆ هاوبەشانی تری دەرەوەی پڕۆژەکەش، بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی لەسەر 12 کاتژمێر جێگیر دەبێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی وەستانی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکان، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان تووشی دابەزین ببوو، ئەمەش کاریگەری کردبووە سەر کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتییان.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان