حەشدی شەعبی تەقە لە پێشمەرگەیەک دەکەن و بەسەختی برینداری دەکەن

بەیانی ئەمڕۆ لە سنووری قەزای خانەقین، بەهۆی دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بازگەیەکدا، پێشمەرگەیەک بەسەختی بریندار بوو.

نزیک کاتژمێر 5:00ی بەیانی ئەمڕۆ، پێشمەرگەیەک لە لیوای 3ی پیادەی گەرمیان، لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەرکەکەی لە سنووری گوندەکانی خانەقین، لە بازگەی “باوە مەحمود” لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە تەقەی لێکراوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، 3 گوللە بەر جەستەی پێشمەرگەکە کەوتووە و فیشەکێکیش بەر ئۆتۆمبێلەکەی کەوتووە.

بەرپرسێکی لیوای 3ی پیادە لە گەرمیان رایگەیاند: ئەو پێشمەرگەیە رێگەی بازگەی باوە مەحمودی بەکارهێناوە بۆ گەڕانەوە. بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، لە بازگەکەدا دەمەقاڵێ لە نێوان پێشمەرگەکە و هێزەکانی حەشدی شەعبی دروستبووە، کە هێشتا هۆکارە سەرەکییەکەی بەتەواوی روون نییە.”

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی پێشمەرگەکە لە بازگەکە دوورکەوتووەتەوە، لەپشتەوە دەستڕێژی گوللەی لێکراوە.

Isolated Share Buttons

نوێترین پۆستەکان