سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا یان هەبوونی ڕێککەوتن بۆ ئازادکردنی دەکەن و ڕایدەگەیەنێت تا ئێستا هیچ وادەیەکی فەرمی بۆ بینینی کەیسەکە لەلایەن دادوەرەوە دیاری نەکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە کە هاوکاتە لەگەڵ 9ی ئاداری 2026 بڕیاربوو یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت بەڵام بەپێی زانیارییە نوێیەکان دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە و بوڕهان ڕەشید گوڵە وەک سەرۆکی تیمی پارێزەران جەخت دەکاتەوە کە تا ئەم ساتە دادوەر تەماشای دۆسێیەکەی نەکردووە و هیچ خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ داواکە ئەنجام نەدراوە هەروەها ئاماژە بەوە دەدرێت کە پێدەچێت بەهۆی تێپەڕبوونی کات و نزیکبوونەوەی پشووەکانی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بکەوێتە دوای پشووەکان و لە هەفتەی داهاتووشدا هیچ دانیشتنێک ئەنجام نەدرێت.
ئەم ڕوونکردنەوانەی تیمی پارێزەران لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چل و هەشت کاتژمێری ڕابردوودا لە زۆرینەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا وا بڵاوکرایەوە کە ڕێککەوتن لەسەر کەیسەکە کراوە و لاهور شێخ جەنگی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئازاد دەکرێت، بەڵام پارێزەرانی ناوبراو بە فەرمی ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردەوە و بە نادروستیان لەقەڵەمدا.

