سەرۆکی لیژنەی غاز لە سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە لە سبەینێوە بڕێکی زۆری غازی ماڵان دەگاتە شارەکە و دابەش دەکرێت، جەختیش دەکاتەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی بوتڵە غازی ماڵاندا نەکراوە.
کۆچەر تۆفیق، سەرۆکی لیژنەی غاز لە سلێمانی ڕایگەیاند: نرخی بوتڵێک غازی ماڵان وەک پێشوو بە 8,500 دینار دەمێنێتەوە و هیچ گرانبوونێک لە غازی حکومیدا نییە.
ئاماژەی بەوەش کرد ئەو گرانبوونەی هەستی پێ دەکرێت تەنها لە بەنزینخانەکان و بازاڕی ئازاددایە، کە ئەوەش پەیوەندی بە سیستەمی بازاڕەوە هەیە نەک غازی دابەشکراوی ماڵان.
سەبارەت بە چارەسەرکردنی گرفتەکە، سەرۆکی لیژنەکە مژدەی بە هاووڵاتیان دا و وتی: “لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە بڕی پێویستی غازمان دەستکەوتووە و لە سبەینێوە دەست دەکەین بە پڕکردنی بازاڕ و دابەشکردنی غاز بەسەر ماڵاندا، بەمەش کێشەی کەمیی غاز کۆتایی دێت.”
لیژنەی غاز ڕوونی کردەوە کە ئەو غازەی لە بەنزینخانەکان بە گرانتر دەفرۆشرێت، بەهۆی ئەوەیە کە بازاڕی ئازادە و نرخەکەی جێگیر نییە، بەڵام غازی ماڵان کە لە ڕێگەی بریکارەکانەوە دابەش دەکرێت، لەژێر چاودێریدایە و ڕێگە نادرێت بە گرانتر لە نرخی دیاریکراو بە هاووڵاتیان بفرۆشرێت.

