دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق لە بڕیارێکی نوێدا گواستنەوە و هاوردەکردنی زێڕ و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە قەدەغە کرد و ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای بازرگانانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
بەپێی نووسراوە فەرمییەکەی بەغدا، لێرە بەدواوە ڕێگە نادرێت زێڕ و مۆبایل و ئامێرە تەکنەلۆژییەکان لە ڕێگەی ئەو دوو فڕۆکەخانەیەوە هاوردە بکرێن یان بگوازرێنەوە، هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕێنمایی نوێ بۆ هاوردەکردنی کاڵا گرانبەهاکان دەرچووە و بەغدا جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی نەبوونی بنکەکانی پشکنین و کۆنترۆڵی جۆری فیدراڵی بۆ لێدانی مۆری فەرمی (قۆغە) لە زێڕ، ناتوانرێت ڕێگە بەو پڕۆسەیە بدرێت، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو مۆبایلانەی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەهێنرێنە ناوەوە، مۆڵەتی فەرمی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقیان نییە و ئەمەش بە نایاسایی هەژمار دەکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو کاڵایانە لە بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەم کێشەیە بەشێکە لە ململانێیەکی کۆنتری نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دەسەڵاتە گومرگییەکان و یەکخستنی داهاتەکان لە دەروازە سنوورییەکان، پێشتریش چەندین جار بەغدا هەوڵی داوە کۆنترۆڵی تەواوی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێم بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لە جێبەجێکردنی یاسا فیدراڵییەکان و وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی بە یەکسانی، ئێستاش بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە نێوان بژاردەی گواستنەوەی کاڵاکانیان بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا یان چاوەڕوانیکردن بۆ ڕێککەوتنی نوێی سیاسی و تەکنیکی لە نێوان هەردوو حکومەتدا ماونەتەوە.

